عەزیز وەیسی: تێکدانی ناوخۆی کوردستان خزمەتە بە داعش
فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی کوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە، گرنگترین پرسی کوردە و پێویستە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی خەڵک بیر بکەنەوە نەک کێشە لە ناوخۆدا دروست بکەن.
فەرماندە عەزیز وەیسی لە چاوپێکەوتنێکی "وشە"دا باس لە کاریگەرییەکانی دۆخی ناوخۆی کوردستان لەسەر هێزی پێشمەرگە دەکات و رای دەگەیەنێت، "دروستکردنی ئاژاوە لە ناوخۆدا بەو هەموو تەنگژانەی لە کوردستاندا هەن، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خزمەت بە داعش دەکات". ئەوەیش ئاشکرا دەکات کە بەر لە ئاڵۆزییەکانی سنووری سلێمانی هەستی بەو دۆخە کردووە و وەزیری پێشمەرگەی لێ ئاگەدار کردووەتەوە، بەڵام دەڵێ "هاندانە سیاسییەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگە بوون، بۆیە نەیتوانی رێگری بکات لە دروستبوونی ئاژاوە".
وشە: لە ماوەی رابردوو و لە دەڤەری سلێمانی هێرشێکی زۆر کرایە سەر بارەگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم هێرشانەدا شەش کەس شەهید و ژمارەیەکیش بریندار بوون و چەندین بارەگە سووتێنران، وەک فەرماندەیەکی سەربازی ئەم رووداوانە چۆن دەخوێننەوە؟
ئەو دۆخەی رووی دا دڵی هەموو مرۆڤێکی ئازار دا، دیمەنێکی زۆر ناخۆش بوو، ناوبانگێکی خراپ بوو بۆ کوردستان، کاریگەری نەرێنی لە رووی مادی و مەعنەوی بەجێ دێڵێت و لەرووی سایکۆلۆجیشەوە دەروونی مرۆڤەکانی تێک دا، ئەو ناڕەزاییانە چارەسەر نەبوو بۆ کێشەکانی کوردستان، بەڵکو رەوشەکەی خراپتر کرد، ئێمە هیوامان ئەوەیە سیاسەتوانانی کوردستان باشتر بیر بکەنەوە، لە هەر هەنگاوێکدا بەرژەوەندی خەڵک لەبەرچاو بگرن، لەوەیش زیاتر حیساب بۆ دۆخی تەناهی و ئەو حاڵە نالەبارەی تێَی کەوتووین بکەن و باری ژیانی خەڵک سەختتر نەکەن، لەرووی سەربازییەوە دەبێت هەموو لایەنەکان بزانن ئەو شتانەی روو دەدەن، دڵی دوژمنان خۆش دەکات، ورەی دوژمن بەرز دەکەنەوە و هێزیان پێ دەدەن زیاتر بەرەوپێشەوە بێن و چانسێکی تر بکەوێتە بەردەستیان بە قۆستنەوەی ناکۆکییەکانی ناوخۆ بیر لەوە بکەنەوە هێرشمان بۆ بکەن. کوردستان مەترسییەکی گەورەی لەسەرە، ئەوەیش تەنیا بۆ گرتنی زەوی یان گۆڕانکارییەک نییە، بگرە دوژمنێکی بەربەری و گێرەشێوێن هاتووە و دەیانەوێ مرۆڤ لەسەر زەوی نەهێڵن و ژن و خوشک و دایکی ئێمە بۆ خۆیان ببەن، (داعش) رێکخستنێکی نێونەتەوەییە، بۆیە پێویستە ئەولەویاتی ئێمە خۆپاراستن بێت لەم وەحشیگەرییە. لە کاتی پێویست و گونجاودا ئێمە دەبێت گۆڕانکاری بکەین، هەر گۆڕانکارییەک ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە خودی ئێمە، دەبێ لێی دوور بکەوینەوە، ئەگەر چەندیش مۆدێرن و پێشکەوتوویش بێت، بۆیە ئەگەر ئەم جۆرە گۆڕانکارییە ببێتە هۆی دووبەرەکی، پێویستە تۆ دەستی لێ بەردەی، تا زەمینەی ئەم گۆڕانکارییە دێت.
ئایا گۆڕانکاریی زیانبەخشە؟ یان پێت وایە پرسی گرنگتر هەن کە کوردستان خەریکیەتی؟
بە درێژایی مێژوو، کوردستان لە ئێستەدا لە هەموو قۆناغەکان پێشکەوتووترە، سەرۆک بارزانی بە جدی لەسەر دوو خاڵ کار دەکات و حکوومەتی هەرێمیش پشتگیری دەکات، خاڵی یەکەم ئابوورییەکی سەربەخۆ بۆ کوردستان، خاڵی دووەمیش، بابەتی سەربەخۆیی کوردستان، ئەم پرسە گەیشتووەتە سەر مێزی وڵاتانی دنیا و دەوڵەتە زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا رووسیا دەزانن نەتەوەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە جوگرافیا و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ستەمیان لێ کراوە، بۆیە باس لەوە دەکەن مافی خۆمانە لەسەر خاکی خۆمان ببینە خاوەنی قەوارەی سەربەخۆ و خۆیشمان ئیدارەی خۆمان بەڕێوە ببەین. دوژمنان هەستیان بەو پێشکەوتنەی پرسی کورد لە دنیادا کردووە، بۆیە داعش یەکێکە لەو پیلانانەی بۆ رێگریکردن لە پڕۆژەکەی بارزانی، بەڵام ئەم پیلانە سەرنەکەوت، کورد بووە یەکێک لە قارەمانەکانی جیهان، هەموو جیهان ئێستە پێشمەرگە دەناسن، پێشمەرگە بووەتە هێمای ئازایەتی و قارەمانیەتی. ئەوانەی نەیانتوانی بە داعش پڕۆژەی کورد بوەستێنن، دەیانەوێ بە ئاژاوەی ناوخۆیی کۆسپ بۆ ئەو پڕۆژەیە دروست بکەن.
کوردستان لە شەڕدایە، دەوڵەت نییە و لە دەوڵەت زیاتر کێشەی بەسەردا سەپێنراوە، ئاوارەی سووریا عێراق، مەسیحی، شەبەک و ئێزیدی لەخۆ گرتووە، خەرجی شەڕ کە ئەولەویەتی هەرێمە بۆ ئەوەی ئارامی خەڵکەکەی لە ناوخۆ تێک نەچێت زۆرە، شەهیدانی پێشمەرگە و خەرجی چارەسەری بریندار زۆرە هەرچەندە وەک پێویست نییە، عێراق کێشەی تری جیا لە دارایی، وەک سکاڵا لەسەر فرۆشتنی نەوت و رێگەنەدان بە گەیشتنی چەکی وڵاتان راستەوخۆ بە کوردستان دروست دەکات، ئەم دۆخانە دیمەنی کوردستانی لە دەرەوە زۆر جوان کردووە، لە کۆتاییشدا خەڵکی کوردستان ئەگەرچی ژیانیان سەخت بووە، بەڵام ناوبانگ و داهاتوویەکی گەش دەبینن، خۆ هەموو لایەک ئەو تەحەمولە مەردانەی خەڵک دەبینێ، بەڵام لەوە زیاتر ناکرێ و ئێستە لە توانادا نییە، ئەگەر نا کەس نییە حەز لەوە بکات میللەتەکەی ژیانی سەخت بێت. خەڵکی کوردستان ئەمە دەزانن بۆیە پێشتر ناڕەزاییشیان دەرنەدەبڕی، چونکە ئاستبەرزن و لە دۆخی گشتیی دەگەن، بەڵام کە لایەنی سیاسیی ناوخۆیی بە درۆ بیورووژێنێت و دەروونی بشێوێنێ، بێگومان ئاژاوە دروست دەبێت.
پێت وایە لەم دۆخانەدا، درۆکردنی سیاسیی بۆ خەڵک سوودی هەیە؟
تۆ خەڵک هان دەدەی و دەیجووڵێنی بە چەواشەکاری و درۆ، سوێند دەخۆی کە پارە لە بانک هەیە، بەڵام پێت نادەن، با نموونەیەکت بۆ باس بکەم، پێش هەموو شتێک بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکان کە ئەندامی گۆڕانە، هەر جارێک ئێمە چووبینە لای بۆ پارە، ئەو پارەیەی هەمانبووە کەمتریان پێ دواین بەهۆی ئەوەی پارە نییە، باشە ئەگەر پارە نییە بۆچی بە خەڵک دەڵێن هەیە؟ ئەمە چ جۆرە دژایەتییەکە! بەڵام بناغەی ئەمە وەک گوتم دیارە ناحەزانی کورد بە رێگەی داعش نەیانتوانی ئێمە لەناو بەرن، دەیانویست بەو ناکۆکی و ئاڵۆزییانە تێکمان بشکێنن، ئەو حاڵەتەیش بزانین یان نەزانین راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەکەوێتە چوارچێوەی خزمەتکردن بە داعش، بۆچی؟ ئەو پێشمەرگانەی کە لە سەنگەردان، هەرچەندە کەسانی نەتەوەیی و پەروەردەیەکی باشیان هەیە، دڵسۆزن و گیانی خۆیان بەخت دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەوانیش بەشێکن لەم میللەتە، کاتێک ئەوان لە شنگال شەڕ دەکەن، یان لە خازر بێت، یان لە کەرکووک، ئەو سەیری براکانی بکات کە لە بارەگەکانی پارتیدا پاسەوانی دەکات، خەڵکیش دەچێت هێرشیان دەکاتە سەر، دڵی ئەو پێشمەرگەیە دەسووتێت، سەرباری ئەوەی کە خۆی بە کوشتن دەدات، سیاسەتمەدارانیش بە کورسی و پایە و دابەشکردنی دەسەڵاتەوە خەریکن، مۆراڵ و گیانی بەرخودانی دەکەوێتە ژێر ئەو کارتێکردنەوە کە ئەنجامەکەی خزمەتە بۆ داعش، داعش دڵی بەمە خۆشە و دڵیان گەش دەبێت و ورە وەردەگرن.
ئێوە وەک لەشکر پێشبینی ئەو جۆرە رووداوانەتان دەکرد کە بەم دواییە لە سنووری سلێمانی روویان دا؟ ئەگەر وا بووە بۆچی هەوڵتان نەدا رێگری بکەن؟
من ئەم دۆخەم زووتر دەبینی، خۆم چووم بۆ لای وەزیری پێشمەرگە و پێم گوت: گەورەم نەهاتووم رەوشی لەشکرت بۆ باس بکەم، راستە ئێوە وەزیری پێشمەرگەن، بەڵام لە هەمان کاتدا شوێنت لە ناو سیاسەتیش دیارە، تۆ سەرکردەیەکی بەرچاوی گۆڕانی، ئەو پارتە لە هەموو پارتەکانی تر زیاتر هەوڵ دەدات ئەو تەنگژانەی هەرێم قووڵتر بکاتەوە، نایشڵێم گۆڕان هەڵەیە، یان پارتی، یان کێ خەتابارە، سەرۆک بە دەنگی خەڵک باشە یان لە پەرلەمان، بەڵام دەزانم ئەم دۆخە زیانبەخشە بۆ میللەتی کورد، پێویستە ئێمە رێگە لەم دۆخانە بگرین و تەشەنە نەکات، ئەم دۆخە سیاسییە کاری کردووەتە سەر دەروونی هێزەکانمان، من وەک فەرماندەیەکی سەربازی، هێزەکانم کە لە هێڵی پێشەوەی بەرگریدان، هاتووم ئەم پەیامە بە جەنابت بگەیەنم، ناچار بووم کە بێمە لات، لەوانەیە هەموو دەسکەوتەکانمان لەناو بچن بەهۆی ئەم دۆخە سیاسییەوە، با پێکەوە کاریگەریی بخەینە سەر حزبەکان لەم قۆناغەدا زیاتر تەرکیز لەسەر خاڵە سەرەکییەکان بکەن، ئەویش پاراستنی کوردستانە، کەی کوردستان گەیشتە کەنارێکی ئارام، ئەوکات هیوادارین میللەتی کورد و سیاسەتمەدارانی کوردستان، بتوانن سیستمێکی باشتر بۆ وڵات دابنێن کە زیاتر مافی هەموو خەڵک پێ بدرێت. وەزیری پێشمەرگەیش لەسەر هەمان بڕوای من بوو، بەڵام نەکرا. بۆچی نەکرا؟ دیارە بێگومان لە دەرەوەی دەسەڵاتی مستەفا سەید قادر بووە.
باشە، ئەی چی بکرێت بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراو بێت و دۆخی هاوشێوە لەکاتی سەختدا روو نەداتەوە؟
پێویستە ئیتر یاسایەک دەربچێت، بۆ ئەو کەسانەی ئەم جۆرە کێشانە بۆ وڵات دروست دەکەن، ئەو پارتە سیاسییانەی دەبنە هۆی ئاژاوە، رێگرییان لێ بکرێت، چونکە ئەمە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی. من وەک هاووڵاتییەکی کورد کە سەیر دەکەم گۆڕان باوەڕی بە چاکسازی نییە، ئەوان دەیانەوێ سیستمی کوردستان بە گوێرەی خواستی خۆیان رێک بخرێت، ئەوان دەیانەوێ ئیدارەی کوردستان بکەن و بۆ ئەمەیش دوو خاڵی گرنگ هەیە: هەر لە ناوەکەیان دیارە کە گۆڕان باوەڕی بە چاکسازی نییە، دووەم دروشمەکانیان وەک بڕووخێ بڕووخێ، ئەمانە هەردووکیان بەڵگەن کە نایانەوێ چارەسەری بە رێگەی چاکسازی بێت، بەڵام کاتێک نەیانتوانی دەسەڵات بگۆڕن، هەوڵیان دا بڕوا بە دەسەڵاتداری هەرێم بکەن کە بەشدارییان لە حکوومەتدا بکەن، تا زیاتر نزیک بن، ئەوان وایان دانابوو ئەگەر بێنە ناو حکوومەت، بۆ خەڵک دەیسەلمێنن کە لە هەمووان باشترن، دەتوانن داخوازیی هاووڵاتییان جێبەجێ بکەن، خوێندنەوەیان وابوو لە کاتی ئەواندا دۆخەکە باشتر دەبێت، باری ئابووری باشتر دەبێت، ئارامی و سەقامگیری زیاتر دەبێت و ئەو هەموو دەسکەوتانە دەبەستنەوە بەوەی ئەوان هاتوونەتە ناو دەسەڵات، بەڵام کە هاتنە ناو حکوومەت و بارودۆخ گۆڕا و دۆخەکە خراپ بوو، ئاواتەکەیان نەهاتە دی، بۆیە گۆڕان نەیتوانی باری بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی خۆی بگرێ، بۆیە دۆخەکەی شڵەقاند، بەڵام خۆشبەختانە درێژەی نەکێشا، ئێستەیش دەبێت کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت و پەلە نەکەین تا تەنگژەکان تێدەپەڕێنین، دواتر بەگوێرەی ئاستی هۆشیاریمان وڵاتەکە رێک دەخەینەوە پێکەوە.
هەندێک میدیا باسیان لەوە کرد کە هاندانێک هەیە بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان پارتی وpkk روو بدات، لە هەمان کاتدا لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەدا هەندێک ئاڵای pkk دەرکەوتن لای بارەگەکانی پارتی، زانیاریت هەیە لەو رووەوە؟.
ئەو رووداوانەی زیانیان بە کوردستان گەیاند، ئاڵا و دروشمی pkkی لە ناودا بەرز کرابووەوە، بۆیە داوا لەpkk دەکەم لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات، بۆ ئەوەی بتوانین برینەکانمان تیمار بکەین و زیاتر قووڵ نەبن، برینەکانی کۆن سەرهەڵنەداتەوە، نەهێڵین ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی دروستبوونی شەڕ، وەک سەرۆک فەرموویەتی: پێویستە رشتنی خوێنی کورد بە دەستی برا کوردەکەی حەرام بکرێت. پێویستە ئێمە دەستەکانمان بخەینە ناو دەستی یەکتر و بۆ سەرکەوتن کار بکەین.
گۆڕان بەردەوام داوا دەکات پێشمەرگە لە حزب بسەندرێتەوە و بچێتە دامەزراوەیەکی حکوومییەوە، رای ئێوە چییە؟
ئێستە من فەرەماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیم، پارتی ئەم پۆستەی پێ بەخشیوم، بەڵام هیچ کاتێک بە شێوازی حزبی کار ناکەم، پێویستە پێشمەرگە هی هەموو کوردستان بێت، بەم شێوەیە پێشمەرگە پەروەردە دەکرێت. گۆڕان بۆ خۆی پڕوپاگەندە دەکات کە دەڵێت با پارتە سیاسییەکان پێشمەرگەیان نەمێنێ، ئێمە هەموو لەگەڵ ئەم بۆچوونەداین و خۆمان کاری لەسەر دەکەین، پێش ئەوەی گۆڕان بیڵێ، وەرە سەیر بکە لەناو هەموو فەرماندەیی زێرەڤانی بگەڕێ یەک لۆگۆی پارتی نابینی، ئێمە ئەمەمان پێڕەو کردووە، هەر کەسێکیش لۆگۆی پارتی دانابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین، ئێمە رێگری لە هزر و بیری هیچ مرۆڤێک ناکەین، ئەو ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە و کێی خۆش بوێت، بەڵام کاتێک دێت بۆ سەر کارەکەی خۆی پێویستە بە پیشەی لەشکری کار بکات. لە وڵاتی پێشکەوتوویش هەروایە، حزب نوێنەرەکانی دەنێرێتە ناو دامەزراوەکان، بەڵام لەوێدا کار بە پیشەیی دەکەن نەک حزبی. ئێستە پارتی فەرمانێک بۆ مەرامی سیاسی و حزبی لە دژی بەرژەوەندی نەتەوەیی بە من بکات، ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکەم، چونکە پەروەردەی کردووم کە کوردستان بپارێزم لە ئەرکی خۆمدا، راستە پارتی ئەم پۆستەی بە من داوە، بەڵام کاری من لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگەیە، وەزیری پێشمەرگە گۆڕان بوو و منیش پارتی، بەڵام هەرگیز نە بێرێزیم بەرامبەر کردووە، نە فەرمانیم شکاندووە.